For a better experience please change your browser to CHROME, FIREFOX, OPERA or Internet Explorer.
گێڕى CVT چییە و سوودی چییە؟

گێڕى CVT چییە و سوودی چییە؟

جۆرێک گێڕە کە لە ئێستادا کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبیل گرنگی پێدەدەن. مێژووی ئەم جۆرە گێڕە زۆر کۆنە بەڵام لەبەر هۆکاری نەگونجانی کۆمپانیاکان لە ڕابردودا گرنگیان پێ نە ئەدا. لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنه‌لۆجیاوە ئەم جۆرە گێڕە بایەخی تایبەتی پێ دەدرێت. چەند کۆمپانیایەک زۆر گرنگی پێ دەدەن بەتایبەت کۆمپانیای نیسان لە چەند مۆدیلێک بەکاری دێنێت وەک سێنتراو ئەڵتیما و هەندێک کۆمپانیای تریش گرنگى به‌م بابه‌ته‌ ده‌ده‌ن و ئیشى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.

پێکهاتەی ئەم گێڕە بریتی یە لە دوو پەپکەی خولاوە کە بە قایشێکی تایبەتی ستیل بەیەکەوە بەستراون. پەپکەیەکیان بەستراوە بە بزوێنه‌ره‌وه‌ و پەپکەکەی تریش بە تایەکانەوە لەکاتی خولانەوەی ئەم پەپکانە بەپێ ی خێرای ئۆتۆمبیل و زەختی بزوێنەر قایشەکە لە پەپکەی بزوێنه‌ر تیرەی گەورەتر دەبێت و لە بەشی دووەم بچوکتر دەبێتەوە بەوەش خێرای خولانەوە لەبەشی تایەکان زیاد دەکات.

لە تایبەت مەندیەکانی ئەم گێڕە:

  1. بەرزترین تۆرکی ئۆتۆمبێل دەپارێزێت لە خێرایە بەرزەکاندا.
  2. وزەیەکی کەمتر بە فیرۆ دەڕوات لە ئەنجامی لێخشاندن لە چاو گێڕی تۆماتیکی دیشلی.
  3. له‌ ڕووى كێشه‌وه‌ کێشى سوکتر و پارچەی کەمترە.
  4. کۆمپانیا دەتوانێ بە بڕی پێویست ژمارەی گێڕ دابنێت تا دەگاتە ۸ و ۹.
  5. لەکاتی گێڕ گۆڕین هیچ هەستی پێ ناکرێت تەنها لە زەختی مەکینە هەستی پێ دەکرێت.

ئەم گێڕەش وەک هەر کەرەستەیەکی تری میکانیکی هەندێک لایەنی لاوازی هەیە:

  • جۆرێکی تازەیە و خەڵکی زانیاری کەمی لەسەری هەیە لەکاتی تێک چونی لە ئێستادا چاککردنەوەی قورسە.
  • یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی کە زۆر توشی کێشە دەبێت قایشەکەیەتی.
  • بەستنەوەی ئەم گێڕە لێزانینێکی باشی دەوێت و پێویستە پارچەکانی بەوریای یەوە لە شوێنی خۆی دابنرێت.
  • هایدرۆلیکی ئەم گێڕە جیاوازە لە گێڕەکانی تر و دەبێت هەمان جۆری خۆی تێ بکرێتەوە.
  • کۆمەڵێک سێنسەری تایبەت بە خۆی لەسەرە و دەبێت لەشوێنی خۆی دابنرێتەوە.

ئەم خاڵە لاوازانەی ئەوە ناگەیەنێت کە خراپە چونکە جۆرەکانی تری گێڕیش لە کێشە و گرفت بەشی خۆیانیان هەیە ئەم جۆرە گێڕە دەگونجێت لە داهاتوودا هەموو کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبیل بەکاری بهێنن بەتایبەت ئەگەر بێت و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و کوالیتی قایشەکەی بەرزبکرێتەوە.

بۆ زانیاری زیاتر سەیری ئەم ڤیدیۆ یە بکە

ئەندازیار :دانا کریم

ماستەر لە ئەندازیاری میکانیک

کۆمێنتی خۆت بەجێ بهێڵە


پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

سەرەوە